ئەدەب

مردن

سمكۆ محەمەد

لەوێوە دێت و لێرەوە دەڕوا

كەدێت … هەموو جەستەی گیانم شین هەڵدەگەڕێ‌

وەختێ‌ كە دەڕوا.

چاوەكانم سوور هەڵدەگەڕێن و هەتا حەزبكات دەگریم

دەستم هیچ ناگرێ‌ و گەردونیشم لێ بۆتە كونی رەش

حەواسم كز بووە و ترسم لەهەموو شێوەكانی سەفەر هەیە

سەفەر بۆ ماڵی یار

سەفەر بۆ سەقەر

سەفەر بۆ ئاسمان

سەفەر بۆ قەدەر

هەرچی درەختی ئەم وڵاتە دەبینم

زەرد هەڵگەڕاوە و رەنگی سەوزی داوەتە دەست دارە مەیت و لەترسانا بەتانیان بەخۆیانداداوە

كە ئاسمانی سپیش دەبینم لەكفن دەچێت

چاوم بەرایی نادات پارچە قوماشێك بەدیاری بدەم بەخۆشەویستەكەم

نابادا وەكو كفن بۆی بدروون

دیقەت دەدەم

كەس فریای نوسینەوەی یادەوەری ناكەوێ‌ و وێنەی كەسیش وەكو خۆی نەماوە

كەس گوێ‌ بۆ قسەی كەس رانادێرێ‌

فێڵ لەخوم دەكەم كە هاوڕێكانم دەبینم و پێدەكەنم

من بەسەرما وەڕس دەبم

بەڵام كە هەواڵی مەرگ دەبیستم .. لەرز دەمگرێ‌

مەرگ لەوێوە دێت و لێرەوە دەڕوا

لەكۆڵانە تەنگەبەرەكانەوە دێت و لەشەقامە بەرینەكانەوە دەڕوا

مەرگ ئیبراهیمێكە لەخۆڕا یەخەی ئیسماعیلی گرتووە و پێی دەڵێ‌ گوناهبار

خوداش وەكو جاران قوربانیەكی نییە بینرێ‌ بەدیاری

لەتاوان و لەداخی ململانێی گەردوون

پلانیكی تر دادەنێم بۆ مردن

لەخۆم دەپرسم كەی بژیم .. من نرخی مردن دەزانم

كەسێك بە پێكەنینەوە پێم دەڵێ‌ ئەی كەی بمرین

من تائێستاكە نرخی ژیانم نەزانیوە

سوێند دەخۆم كەس نییە بزانێ‌ بۆ دەژێ‌

كەسیش نییە بزانێ‌ بۆ دەمرێ‌

تەنها ئەو عاشقە نەبێ‌

كەس نیە لەعاشقەكەی پاڵەوانتر و لەژورەكەشی لەهەموو جیهان فراوانتر

هێی ئەوە منم كە برسێتیم لەبری عیشق كردووە بەموعجیزە

ئەوە خۆمم كە بیناقاقای خۆم گرتووە و بەری نادەم

ئەوە خۆمم لەسەری ساڵدا تارمایی خۆم لێدەبێتە نێردراوی خوا

ئەوە خۆمم گوێم لەهیچ شتێك نییە جگە لەدەنگە دەنگی خۆم

ئەوە خۆمم وادەزانم لەگەڵ خەڵكدا هاتووم و لەگەڵ ئەوانیش دەڕۆمەوە

ئەوە خۆمم تائێوارێ‌ نوستووم و درەنگانێ‌ بیرمدێتەوە و بیرێك لەخۆم بكەمەوە

ئەوە خۆمم قەڵەمێكی سوورم پێیە و وادەزانم بووم بەحاكم

ئەوە خۆمم سەیرم كەن خۆمم

بووم بەجانەوەر و دەچمە سەر هەموو شتێك

بووم بەجەللادی خۆم قامچی لەپشتم گیر دەكەم

ئەوە خۆمم

لەترسی مردن دەمەوێ بمرم

پتر ب بینه‌

بابه‌تێن وه‌كهه‌ڤ

Back to top button