هزر

جیاوازی و ئایدیای ناكامڵ (ئەگەر لەگەڵم نەبی، دژمی)

سمكۆ محەمەد

عەقلانییەكان پێیانوایە ئەگەر لەگەڵم نەبی، مانای وانیە، تۆ دژی منی، واتە منە باڵاكەی جیاوازتر لەو منە باڵایەی هەمووان بەموڵكی منەكانی خۆی دەزانێ، بۆیە بەپێچەوانەوە ناعەقلانیەكان پێیانوایە ئەگەر لەگەڵم نەبی كەواتە بەشێكی لەفەزای بیكردنەوەی من، ئەمە جەنگی هەمیشەیی جیاوازییە، لەنێوان هەردوو ئاراستە فكرییەكە، لۆژیكێك هەیە كە تاك رەهەندی رەتدەكاتەوە، ئەویش لۆژیكی فرەبینین و دووربینییە كە هێربرت ماركیۆز لەسەدەی رابردوودا تیۆریزەی كرد و دواتر جاك درێدا لەنووسیندا جێگەی كردەوە، چونكە پێیوایە نووسین، چەمكی زمان دەبەزێنێ، ئەو زمانەی كە برینەكانی جیاوازی قوڵتر دەكاتەوە، هەروەك ئەوەی رۆژئاواییەكان بەشێك لەنەتەوەی سەردەستی رۆژهەڵاتی پراكتیكیان كرد و لەرێگەی زمانەوە فەزای جیاوازیان ناشیرین كرد و تەواوی كولتوور و مێژوویان خستە خزمەت زمانی زاڵی ئایدیاییەوە، بەڵام لۆژیك كەزانستی بیركردنەوەیە و پشت بەڵگە دەبەستێت، بەڵگەش لە چاوەڕوانی زەمەندایە.

دانپێدانان بە جیاوازییەوە ئەگەر ئەو جیاوازییە ئاسایی و درووستكراو نەبێت، بە مانای ئەوەی شتی قەبارە گەورە بچووك نەكاتەوە و بەپێچەوانەشەوە بچووك گەورە نەكاتەوە، بەشێكە لە پەیوەندیە جۆراوجۆرەكانی ئینسان كە خەریكە تەكنۆلۆژیا كاڵی دەكاتەوە.

چەمكی جیاوازی كە چەمكێكە بۆ قەبوڵكردن و نەمانی فكری شمولی و كۆنكریتی سەریهەڵدا و تیۆریزە كراوە، هەڵبەت هەر چەمكێك لەبەرامبەر دیاردەیەك یان چەمكێكی دیكە سەرهەڵدەدات و وه‌ڵامی ئیشكالیاتێك دەداتەوە، جیاوازیش لەئەنجامی ئەو سەركووتكردن و قبوڵنەكردنە رەگەزی و ئاینی و نەتەوەیی و راسیزمەی ئەوروپا، بوو بەتیۆر و لەژیانی رۆژانەشدا پراكتیك كرا، بۆ نموونە هەقیقەت یەكێك لەو چەمكانە بوو كە پێشتر بۆ فیزیا و ماتماتیك و زانست بەكاردەهات، خەریك بوو ئایدیا و ئاین و فەلسەفەش كۆنتڕۆڵ بكات، بۆیە جیاوازی ئەو هەقیقەتە رەهایەی بەرووی خۆیدا پێچەوانە كردەوە كە تا سەدەی 18 بەردەوامی هەبوو، دواهەمین كەس هیگڵ بوو باسی لەهەقیقەتی رەها كرد و دواتر چەپە هیگڵییەكان و ماركس بە وڵامێكی ماتریالیستیانەی دیالیكتی، فەلسەفەی لەگەڵ رابردووی خۆی دابڕان و بوو بەدیفاكتۆیەكی كۆمەڵایەتی.

جیاوازی بەرلەوەی لەنێو كایەی رۆشنبیریدا ببێت بەستایلێك كە فكر خۆی وەكو بەشێك لە چەمكەكە و لەنێو كایەی میدیایی و رۆژنامەگەریشدا كاری پێبكرێ، لەرێگەی عەقڵەوە مانای پەیداكرد، نەك ئایدیای ناكامڵ، بۆیە جیاوازی پشت بەعەقڵگەرایی دەبەستێت، دانپێدانان بەجیاوازییەوە ئەگەر ئەو جیاوازییە ئاسایی و درووستكراو نەبێت، بەمانای ئەوەی شتی قەبارە گەورە بچووك نەكاتەوە و بەپێچەوانەشەوە بچووك گەورە نەكاتەوە، بەشێكە لەپەیوەندیە جۆراوجۆرەكانی ئینسان كە خەریكە تەكنۆلۆژیا كاڵی دەكاتەوە، ئەوەی گرینگە ئەوەیە بێ كۆمێنتی جەوهەری ئەو جیاوازییە دەرناخات، بەڵكو گرینگدان بەرێگەی جیاواز لەبەرامبەر فكرێك یان ئایدیایەكی تردا دەردەكەوێت، هەروەك ئەوەی راسیزم لەرۆژئاوا خەریكە زیندوو دەبێتەوە.

بە بۆچوونی هانا ئارێندت كە لەژێر كاریگەری هایدگەر و والتەر بنیامین بوو، فرەیی و جیاوازی توانای مرۆیی و پێویستیەكانی ژیانی گشت دابین دەكات، ئیدی هەر لە ئاشكراكردنی شوناسی ئاینی و ئایدیایەوە بگرە، تاكو دەگاتە شوناسی كرێكار لەنێو فەزای ئازادیدا، ئەمە هەرچەند لە دونیای سەرمایەداریدا بە سیستم جێگە و رێگەی بۆ كراوەتەوە، بەڵام لەهەمان كاتدا سنوورداریش كراوە، چونكە رەنج و كار وەكو دوو تایبەتمەندی ژیانی ئەو جیاوازییەن كە داپۆشراوە بەكەڤەری دیكەی بازرگانی ناشەرعی، هەروەها چالاكی و كاری هاوبەشیش گرێدراون بە ئیرادەوە، ئیرادەش لەدایكبوونەوەی هێزێكی نادیارە لەنێو دیارەكاندا، بۆیە ئازادی لێرەدا لەجیاتی بەكارهێنانی كاڵا بێت وەكو فریدریك ئەنگڵس دەڵێت، دەبێتە ستایلێكی دیكەی دەركەوتن، چونكە ئەو هەقیقەتەی كە شۆڕش بزری كردووە و لەدەستی دەرچووە و كۆنتڕۆڵ ناكرێتەوە، چونكە كاریگەرییە نیگەتیڤەكەی هێندە بەهێزە، تا ئەو شوێنەی ژیانی تایبەتی وەكو ئەلتەرناتیڤ پێشنیاز كردووە بۆ شۆڕشێك كە لەجیاتی گرۆپەكان، تاكەكان بۆ خۆیانی دەستكەوتی خۆیان دەستەبەر دەكەن، هەڵبەت ئەم چالاكی و ئازادییە، وەكو  رەخنە و جیاوازی تەماشاكراوە لەدونیای پۆست سەرمایەداری هاوچەرخ، بۆیە هەمیشە تیشكی خراوەتە سەر، ئەمە دیاریكردنێكی دیكەی شوناسی تاكێتییە، تەنها لەدژی چەمكی یەكگرتن كە بونیادگەرەكان وەكو وەزیفەیەكی سیاسی كاریان لەسەر كرد.

جیاوازی رێگەیەكی لێكۆڵینەوەیە لەئامادەیی شتێكی تر كە لەگەڵ خۆیدا جیاوازە، هەروەها جیاوازی پێشوازی لەوردبینی بابەتی دەكات، تاكو بابەتێكی دیكە ئاسان بكات.

جیاوازیەكانمان

جیاوازی نەسەرەتا و نەكۆتایی نیە، رەنگبێ هەندێك شت هەبێ بۆ ئەوی بگوازرێتەوە یان فەزایەكی تر داگیربكات، سەرەتاكەی وەكو كۆتاییەكەی نەبێ، واتە ویست بۆ گۆڕینەوەی لۆژیك لەمانای سەلماندنی ئاشكراكردنی نوێوە دەستپێدەكات، نەك گەڕان بەدوای رەسەنایەتی، رەسەنایەتیش هێز بەدەست ناهێنێت ئەگەر كۆپییەكی تری نەبێ، بۆیە جیاوازی رێگەیەكی لێكۆڵینەوەیە لەئامادەیی شتێكی تر كە لەگەڵ خۆیدا جیاوازە، هەروەها جیاوازی پێشوازی لەوردبینی بابەتی دەكات، تاكو بابەتێكی دیكە ئاسان بكات، ئەمە سەرەتایی چوونە نێو دونیایەكە نابێت هیچ شتێك و هیچ كولتوور و نووسین و ئایدیایەك لەلایەن ئایدیایەكی ترەوە، پەراوێز بخرێت، بۆیە ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو واقیعیەتەی كە ئیعتیبار بۆ ئەوانی تر بگەڕێتەوە، بەپێچەوانەوە كوشتنی جیاوازیە بەهەموو كەرەستەكانیەوە، كەوابوو جیاوازی گەمەی حاڵەتەكانە، بەرلەوەی كوشتنی رەگەز و ئاین و رەنگەكان بێت.

ئەم چەمكە وەكو هەركام لەچەمكەكانی تر لەسایەی بازاڕی سیاسەت و سەرهەڵدانی رەوتی توندڕەوی تیرۆریستی پەیدابوو، ئەو نووسەرانەش كە پشتگیری ئەو رەوتە بوون، لەبری ئەوەی بەئەرێنی خۆیان بەرهەمبهێننەوە و ئەویتر لەبەرامبەر یەكتر قەبوڵ بكەن، بەپێچەوانەوە لەژێر عینوانی جیاوازی بیرو بۆچوون و بیركردنەوەی جیاواز، گورزێكی گەورەتریان لەو فەرهەنگەدا كە بۆچوونی بیرمەندانی رابردووشی بێبەهاكرد، بۆ نموونە لەسەرەتای نەوەدەكانەوە (مەنسور حیكمەت) وەكو رابەری بزووتنەوەی كۆمۆنیستی كرێكاری كە نەمەتێكی نائاسایی ئایدیایی بوو، وەكو رەوتێكی نوێی رەخنەیی، لەژێر عینوانی جیاوازیەكانمان، هەموو جیاوازیەكانی دیكەی ماركسیەتی تێكشكاند كە زەخیرەیەك بوو لەفكر و زەمینەیەك بوو لەدیالیكتیكی فكری، بەڵام سەرەنجامەكەی بەخزمەتی ئایدیۆلۆژیایەكی وشك كۆتایی هات، ئەم فەزایە وایكرد هەركەس لەئەنجامی بێكاری و ئارەزوویەكی بۆ خوێندنەوە و بەكارهێنانی چەمكەكانی (ئیزم)، لەبری درووستكردنی فەزایەك بۆ بیركردنەوەی قوڵ لەفەلسەفە، فەوزایەكیان درووست كرد كە هەرچی جیاوازی لەبیروبۆچوونی ئاینگەرایی و پشتگیری لەیەكێك لەبەرەكانی جەنگی سیستم و تیرۆر هەبوو، بەناوی جیاوازیەوە رووبەڕووی ئەو چەمكە فكریانەش بوونەوە و جیاوازی بیركردنەوە بوو بەبازاڕێك بۆ رەواج پێدانی بیری تەسك و نالۆژیكی و هتد، ئەم فەزایە دوای شكستی یەكێتی سۆڤیەت بوو، بەشێك بوو لەسەرهەڵدانی ئەو كارەساتە فەرهەنگیەی زۆربەی زۆنەكانی سەر گۆی زەوی گرتەوە، بەتایبەتیش ناوچەی رۆژهەڵات كە نە ئەزموونی فكری و نە ئەزموونی پراكتیك كردنی جیهانی جیاوازی كۆمەڵایەتی و سیاسی هەبێت، تەنها بۆ ئەوەبوو كە چیتر لەرێگەی فكرەوە ململانێ لەگەڵ سیستمی دۆگمایی و جێگیر نەكرێت كە لەسەرووی هەموویانەوە دەسەڵاتی ئاینی بوو، هەروەها دژی یان ئەو سیاسەتە بوو كە بۆ گێلكردنی ئینسان بەگشتی و ئینسانی رۆژهەڵاتی بەتایبەتی كە تەكنۆلۆژیای بەرهەمهێنا، بەڵام لایەنە نیگەتیڤەكەی ئەوەبوو كە سەرمایەداری هاوچەرخ خراپ كەڵكی لەم جیاوازیە فكریە وەرگرت، ئەویش هاندان بوو بۆ دابڕان لەخودی فكرەكە و كردنەوەی لقێكی تری جیاوازی كە كوشتنی جیاوازیە جەوهەرییە فەلسەفییەكە بوو كە یەكگرتنی كرێكاران بوو، چونكە رەوتەكان هێندەی سەرقاڵی موناقەشەی فكری دژە فكر بوون، هێندە سەرقاڵی جەماوەری زەحمەتكێش و بزووتنەوە كرێكاری و جەماوەرییەكە نەبوون، حیزبە تازە پێگەیشتووەكانیش كە بەبێ تێگەیشتن لە لیبرالیزم و سۆسیال دیموكرات، بەشێك بوون لەماكینە دژەكەی قەبوڵكردنی جیاوازی فكری.

باشترین سەلماندنی كوشتنی جیاوازیەكان بەبازاڕكردنی ئازادی بوو لەهەموو سێكتەرەكان، ئیدی نووسین لەدوای سەرهەڵدانی چەمكی جیهانگەراییەوە، مەترسیدارترین چەمكی دژی سیستمی سەرمایەدار كە كۆمۆنیستی و ماركسی بوو، سوكی كرد، بەپشت بەستن بە چەمكی ئازادی بیروبۆچوون بوو كە خراپ كەڵكی لێوەرگیرا، ئەوەبوو وەكو سەرەتایەك هەستی پێكرا كە هەوڵێك هەیە بۆ سووككردن و بێ بەهاكردنی و هاندانی كۆلكە خوێنەوار بۆ نووسین، ئیدی ئەم هەوڵە لەشوێنێكی دیكەشدا بازاڕێكی گەورەتریشی بەرهەمهێنا، ئەویش بەرهەمهێنانی خوێنەواری شەیدا بە بڕوانامەی زانكۆكانی كەرتی تایبەت و نووسەری كرچ و كاڵ بۆ گەرمكردنی بازاڕی میدیا، تاهاتنی میدیای ئەلیكترۆنی و گەشەكردنی تاكو ئەم سەردەمە، ئازادی وەها ناشیرین كرا كە خودی ئازادیخوازەكان، بترسن لەو گروپ و تاكانەی درووشمی ئازادی هەڵدەدەن. 

هەڵوەشاندنەوەی مەعریفە:

چەمكی جیاوازی شرۆڤەیەكە لەرێگەی هەڵوەشاندنەوە گەراییەوە، سەبارەت بەئامادەبوونی شتێكی تر كە بریتییە لەپارادۆكس و تایبەتمەندی لەنێو خودی شتەكە، جیاوازی لەبارەی پارادۆكسەوە ئەوەنییە كە دوو ئاراستە لەدژی یەكتر نەگەنە خاڵی هاوبەش، بەڵكو ئەوەیە بۆ نموونە پیتی A دەنووسرێ و دەخوێنرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژنەڤتن و بیستنی قسە یان دەنگ، یان گەيێنەر نییە، سیفە پێكهێنەرەكانی كاریش كپ دەكات، بەڵام لەناو كۆنتێكستدا نییە، هەڵبەتە ئەمە سەبارەت بەنووسین لەبارەی دال و مەدلولەكانی هەروایە، لەكاتێكدا مەرج نییە هەر دالێك مەدلوولێكی هەبێت، درێیدا پێیوایە لەپشت مومارەسەركردنی ماتماتیكی تیۆرییەوە، سەردەمی گەشەكردنی مومارەسەی میدیا و راگەیاندن و وەرگێڕانی نووسینی زمانیش، نابێتە هۆكاری گواستنەوەی مەدلولێك كە بكرێتە هەواڵ، بەڵام توانای هەیە جیاوازیەكان بگوازێتەوە، چونكە بەبڕوای من ئەویتر و جیاكاری، هەم واژووكردنە لەسەر ئاشكراكردنی نهێنیەكان و هەم پراگماتیزمی لۆگۆسییە كە دواجار بەرهەمەكەی تێكەڵكردنی هەموو فەرهەنگەكانە.

هەم بەشی زۆری رۆژنامەكان موڵكی سیاسەكانن، هەم ئەو كەرەستە رۆژنامەوانییەی كە لەبازاڕ دەفرۆشرێت، دیسان موڵكی كۆمپانیاكانی كارەكتەرە سیاسیەكانن و كەڵكی لێوەردەگرن، لەكاتێكدا میدیا كە باشترین كەرەستەیە بۆ قەبوڵكردنی جیاوازیەكان.

ئەم رووبەرەی كە میدیایە و بۆتە جێگەیەك بۆ خۆنمایشكردن و بەلارێدابردنی گوتاری مەعریفی، لەبری ئەوەی رۆشنبیرەكان لەپەراوێزی چەمكەكە و بەپێی لۆژیكی چەمكەكە مانای جیاوازیەكان بەیان بكەن، هەروەها لەرێگەی بۆچونەوە خۆیان لەو تەرزە میدیاكارە جیابكەنەوە كە بوونە بەكارەكتەری هەڵچوونە سیاسیەكان، بەبێ ئەزموون و بەبێ شارەزایی سیاسەت، كەوتوونەتە فەزایەكەوە كەتونێڵەكە تەنها چوونە ژوورەوەی هەبوو، ئەو سەری داخراو نەبوو، بۆیە زۆرجار بەهۆی ئەو نەشارەزاییەوە، زۆربەی چالاكە بێ مەعریفەتەكان بەكاری سیخوڕیەوە تێوەگلاون، بەپێچەوانەوە رۆشنبیر بوون بەتیۆریستینە رۆژنامەوانیەكان و ئەوانەش كە ئەدەبین، بەگشتی و بەبێ ئاگا دوور لە تێگەیشتن لەچەمكی جیاوازی لەكۆنتێكستدا، كۆمەكیان بەسیاسەتێك كرد دژی سیاسەتێكی تر كە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەم حاڵەتە تائەو جێگەیە پەلی هاویشتووە كە بۆتە چەند جۆرێك لەبازاڕ بۆ چەمكەكە، جارێك گەرمكردنی بازاڕی سیاسی و یەكلایی كردنەوەی هێزە سیاسیە كێبەركێكەرەكان، جارێكی دیكە بۆتە بازاڕێك كە سیاسەتێك دژ بەسیاسەتێكی دیكە كار بكەن، بۆ نموونە هەم بەشی زۆری رۆژنامەكان موڵكی سیاسەكانن، هەم ئەو كەرەستە رۆژنامەوانییەی كە لەبازاڕ دەفرۆشرێت، دیسان موڵكی كۆمپانیاكانی كارەكتەرە سیاسیەكانن و كەڵكی لێوەردەگرن، لەكاتێكدا میدیا كە باشترین كەرەستەیە بۆ قەبوڵكردنی جیاوازیەكان، دەبوو لەپێناو كۆمەڵگەیەكی كراوەدا، زەمینە بۆ تاك خۆش بكرایە كە بەرهەمی خۆی پێشكەش بەكۆمەڵگە بكات، بەڵام ماشینە راگەیاندنەكە كاریگەرییەكی هێندە نیگەتیڤی بەجێهێشت كە نەك هەر گروپ و پێكهاتە و زمانە جیاوازەكان و خاوەن فكرەكان نەیانوێرا بەرگری لەخۆیان بكەن، بەڵكو تاكەكانیش بزر بوون و جورئەتیان نەكرد بەهەر نرخێك بێت جیاوازی خۆیان بەیان بكەن.

بەڵام دەبێ ئەوەش بەیان بكەین كە جیاوازیەك لەمیدیادا بووەتە باو، خراپ بەكارهێنانی ئەو روبەرەیە بۆ جەنگ تەرخان كراوە، ئەم رووبەرە بەشێكی جەنگی دیارە كە لەگوتارەكاندا باشتر دەبینیرێت، ئەویش لەهەواڵ و چاوپێكەوتنەكاندا دەردەكەوێت، بەشەكەی دیكەی نادیارە، چونكە تەواوی جەنگەكە كۆكراوەتەوە لەسیاسەتێكی ناتەندورست كە لەكۆنتێكستدا دەرناكەوێ، یان هێزێكی تارماییە لەدژی هێزێكی تر، لەحاڵێكدا ئەو جەنگەی كە دەبوو رۆژنامەنووس بیكردایە و رۆشنبیری جدی هاوپشتی بكردایە، نەك هەر پەراوێز خراوە و لەبیری خەڵك براوەتەوە، بگرە قەناعەتێكی تەواوی درووستكردووە كە جەنگی گروپە كۆمەڵایەتیەكان و جەنگی مەعریفی و جەنگی نێوان كۆنخواز و نوێخوزا و جەنگی بازاڕ و جەنگی چینەكان، بچووك كراوەتەوە لەجەنگی سیاسەتێكی لۆكاڵی و بچوكتریش جەنگی دەروونی حیزبە سیاسیەكان كە هەموویان لەژێر عینوانی جیاوازیدا پێناسە كراون.

ئێمە و ئەوان لەیەك كاتدا دوور رەهەندی پۆزەتیڤ و نیگەتیڤی هەیە، رەهەندی یەكەمی كە پۆزەتیڤە، ئەوەیە كە بەشێكی زۆری قەبوڵكردنی جیاوازی فراوان دەكات، رەهەندی دووهەمی نیگەتیڤە، ئەوەیە كە جیاوازیەكان قوڵتر دەكاتەوە.

ئێمە و ئەوان:

ئێمە و ئەوان لەیەك كاتدا دوور رەهەندی پۆزەتیڤ و نیگەتیڤی هەیە، رەهەندی یەكەمی كە پۆزەتیڤە، ئەوەیە كە بەشێكی زۆری قەبوڵكردنی جیاوازی فراوان دەكات، رەهەندی دووهەمی نیگەتیڤە، ئەوەیە كە جیاوازیەكان قوڵتر دەكاتەوە و شتێك نامێنێ بەناوی شوناسی گەورە، بەڵكو هەموو پێكهاتەكان دەست بەشوناسی بچووكەوە دەگرن، بەو مانایەی لەبری بەناوی نەتەوە یان كۆمەڵگەی كراوەوە قسە بكەن، بەناوی ئاین و عەشیرەت و بنەماڵە و هتد قسە دەكەن، یان ململانێ لەسەر شتە بچووكەكان دەكەن، ئەم ئێمەو ئەوانە دەبوو لەنێو شاری گەورەدا ئاسەواری نەمێنێ، كەچی بەپێچەوانەوە لەنێو گەورەترین شاردا هەستی پێدەكرێت، ئەمەش لەكاتی قەیرانەكاندا دەردەكەوێت.

بۆچی گروپێكی كەمی  سیاسی كە خۆیان ناویان لە خۆیان ناوە سیاسی، بوونە بە سەرداری كۆمەڵگەكان و بەسەر كۆی كۆمەڵگەوە بە ناوی دیموكراسی و بازاڕی ئازادەوە مامەڵە دەكەن؟

بەپێی تێبینی و تێگەیشتنی نووسەری بەناوبانگی عەرەبی (زكي العلیو) هەست بەوە دەكەین كە جیاوازی جگە لەوەی لەنێو كارەكانی دیكە وەكو نووسینی كتێب بە میتۆد، لەهیچ شوێنێكی تر جێگەی نابێتەوە، بەپێچەوانەوە دەركەوتنەكانی تر لەرێگەی میدیاوە و بەتایبەتی شاشەی تەلەفزیۆن، ئەوەیە كە هەم هاندانە و هەم هاندەرە بۆ بەشداریكردنی كاریگەریانەی خەڵك و جیاوازی سیاسی، هەم پشكداریكردنە لەدیاریكردنی بڕیاری چارەنووسی خۆی بەشی هەبێت و نەترسێت، بەڵام بەئەزموون دەركەوت ئەم هۆشیاریە تەنها بەهاندان نابێت، بەڵكو بەئارگومێنت هێنانەوە دەبێت كە رەخنە ببێتە نەریت و لەنێو سیستمدا ئامادەیی هەبێت، واتە لەبری ئەوەی پێكهاتە و گروپەكان قینیان لەیەكتر بێت و یەكتر رەتبكەنەوە، رەخنە لەكولتووری یەكتر بگرن و قەبوڵی بكەن، چونكە هەتا ژیانی كۆمەڵگە بەسیستم نەكرێت، هەتا كۆمەڵكە قەبوڵكردنی جیاوازی بەجەوهەری خۆی كاریگەری لەسەر گشت نەبێت، رەخنە نابێتە كولتووری كۆمەڵایەتی، بەپێچەوانەوە لەبری رەخنە رق و قین دەبێتە كاردانەوەی كارەكان، كەواتە جیاوازی بەمانای گەڕانەوەی ئیعتیبارە بۆ تاك و گرۆپە جیاوازەكان لەكایەی یاساییدا كە دەستوور جێگەی بكاتەوە، هەروەكو چۆن قەرەج و بۆهیمیەكان جیاوازی یەكتر قەبوڵ دەكەن، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین كە هەندێ كجار دەستووریش دادی ئەو گروپە بێ شوناس و بێ بەرگریكارانە نایات، چونكە ساڵی 2010 لەتەواوی ئەوروپا قەرەجەكان ناچار كران بگەڕێنەوە رۆمانیا و هەنگاریا، سەرباری هەموو ناڕەزایەتیانەش كە لەمیدیاوە باس كرا، هەموو مافێكی ئینسانیان لێوەرگرتنەوە و لەماویەكی كەمدا كەیسەكە داخرا.  

گرینگترین سیمای جیاوازی، بوونی نادادپەروەری و یەكسانیە لە كار و لە ژیان و لەفەراهەمكردنی ئازادی بۆ هەمووان، لەمەشدا جیاوازی چینایەتی ئاشكراتر هەستی پێدەكرێت، ئەوانەی كە لەژێر عینوانی فكر و ئایدیۆلۆژیا موناقەشەی جیاوازی دەكەن، لەو نەخوێندەوارە باشتر نازانن كە بەهۆی بێكاری و برسی بوونەوە، یان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و شوێنێكی شیاو بۆ حەوانەوە و نیشتەجێبوون، باسی جیاوازی چینایەتی دەكەن، ئەم بابەتە هیچ پێویستی بەتیۆر و میتۆد و ئارگومێنت هێنانەوە نییە، بەڵكو واقیعێكی لەبەرچاوە، بۆیە جیاوازی چینایەتی، لەسەرووی هەموو جیاوازیەكانەوەیە و هیچ كەڤەرێك نایشارێتەوە.

بۆچی گروپێكی كەمی  سیاسی كە خۆیان ناویان لەخۆیان ناوە سیاسی، بوونە بە سەرداری كۆمەڵگەكان و بەسەر كۆی كۆمەڵگەوە بە ناوی دیموكراسی و بازاڕی ئازادەوە مامەڵە دەكەن، لەكاتێكدا گروپێكی كەمی یاسایی لەنەتەوەكان و گرووپە ئاینیەكان بوون بەرامبەر و زمانحاڵی هەموو خەڵك بەبێ ئەوەی هەڵبژێردراو بن، خۆ ئەم پرسیارانە زۆر سادەن بەڵام قوڵایی فكری هەیە، وەختێكیش بۆ هێنانەوەی ئارگۆمێنتی خۆیان، بەبێ ئاگا دەبن بە ماركسی و چەپ، بۆ ئەوەی شەرعیەت بە خۆ بەخاوەنكردنی بابەتێكی رۆمانسیانەی سیاسی بدەن، ئەمە بنەمای كێشەی سۆسیالیزمە كە ئینسان بەبێ ئاگایی داوای خۆشگوزەرانی ژیان دەكات، بەڵام لە كەڤەرێكدا گوتارەكەیان دەگۆڕن و وەكو رابەڕێكی چینایەتی قسە دەكەن، دەردەكەوێت كە ئەم سیستمە بڕوای بەهیچ بوارێكی جیاوازی نییە.

سەیرەكەش ئەوەیە ئەوەیان بیرچۆتەوە كە خۆیان ئاڵا هەڵگری دژایەتی ئەو جیاوازییە رەسەنەن، ئەمە كێشە بنەڕەتییەكەیە كە خزاوەتە نێو جیاوازیەوە. ئینسان لێرەدا پارادۆكسی فكری بۆ ئاشكرا دەبێت و لەو تەكتیكە فكرییانە تێدەگات ئامانجەكە چییە و بۆچی ئەوە پەراوێز دەخرێت و بۆچی شتی تر بەناوی جیاوازییەوە پێشنیاز دەكرێت، لێرەوەیە عەقڵمەندی و فكر و تێگەیشتن لەخودی چەمكەكە دەردەكەوێت، راستە بۆ ئایدیاكان و ئایینەكان و سیاسیەكان ئەو جیاوازییە پێویستە، بەڵام بەمەرجێك ئەمە پشتگوێ نەخرێت و وەكو كەڤەرێك بەكار نەهێنرێت.

مانەوەی كێشەكانی كورد، فەلەستین، قرم، كەرەباخ، كشمیر، ئەمازیغی و هتد..، باشترین سەلمێنەرە كە ئەمە دژی جیاوازی قبوڵككردنە كە لەئاستێكی بەرزی جیهانیدا هاتۆتە ئاستی جەماوەری كۆمەڵگەكان و وەبەرهێنانی سیاسەتی پێوە دەكەن.

هانا ئارێندت لە كتێبی (اسس التوتاليتارية) دەڵێ (كارێكی قورسی ئینسانە كە بتوانێ جیاوازیە قوڵەكانی رێكخراوە پوچەكانی سەدەی نۆزدەهەم و نێوان بزووتنەوە جەماوەریەكانی سەدەی بیستەم دەستنیشان بكات، لەكاتێكدا سەركردە هاوچەرخەكانی تۆتالیتاریزم لەرووی سایكۆلۆژی و عەقڵییەوە، هیچ جیاوازیەكیان نەبوو لەگەڵ رابەرە هیچ و پوچەكانی رابردوو كە تاكگەراییان جودادەكردەوە، ئەمە مانای ئەوەبوو كە بزووتنەوەی تۆتالیتاریزم دەتوانن بانگەشە بكەن كە حیزبی یەكەم بوون لەدژایەتی بۆرژوازی و بەرگریان لە كێشەی درایفۆس و راسیزمی سلایڤۆ و یەهودیەكان نەكرد)، ئەم پێوەرە خەریكە نیو سەدەی بەسەردا تێدەپەڕێت، هەمان جیاوازی بەردەوام زیندوو كردۆتەوە، لەژێر نانونیشانی خودی جیاوازی، مانەوەی كێشەكانی كورد، فەلەستین، قرم، كەرەباخ، كشمیر، ئەمازیغی و هتد..، باشترین سەلمێنەرە كە ئەمە دژی جیاوازی قبوڵككردنە كە لەئاستێكی بەرزی جیهانیدا هاتۆتە ئاستی جەماوەری كۆمەڵگەكان و وەبەرهێنانی سیاسەتی پێوە دەكەن. 

جیاوازی ئەخلاقی:

جۆرێك جیاوازی دیكە هەیە بەناوی ئەخلاقەوە بانگەشە دەكات، لێرە مەبەستم لەئەخلاق ئەوەیە كە لەژێر عینوانی خودی ئەخلاق، هەموو پیرۆزیەكان دەڕوخێنێ، بۆ نموونە سێكسی بەرامبەر و سێكسواڵێتی و سێكس فرۆشی دەكات بە یەكێك لە ئیشكالیەتەكانی جیاوازی، بازرگانی و دەوڵەمەندی لەسەر حیسابی هەژارەكان، وەكو ماف و ئاینپەروەری تەماشا دەكات، سیاسەت وەكو كۆكردنەوەی كۆمەڵگە تەماشا دەكات، لەكاتێكدا بەكاڵاكردنی كۆمەڵە لەبازاڕێكی نادیاردا، پرسیار سنووردار دەكات و پرسیاری نەگونجاویش وەكو پرسیاری شەرعی تەماشا دەكات، كەوابو ناكرێ بەرگری لەو دیاردە و ویستە پیرۆزانە بكەین كە گوتارێكی زاڵی ئاینی لەپشتیەوە وەستاوە، یان دەسەڵاتێكی سەركوتكەر كۆنتڕۆڵی كردووە، بەڵام كە بوو بەبابەتێكی ئەنتۆلۆژی، هەروەها بەستایلێك لەژیان و پەراوێزەكانی ئازادی، كەوابوو بەرلەوەی ببێت بەكولتوور، رۆشنبیرییەكی دەستەبژێریە و دەبێ لەبەرچاو بگیرێت كە لەرێگەی تەكنۆلۆژیاوە ژیان كۆنتڕۆڵ دەكرێت، هێربرت ماركیۆز رەخنەی لەم بۆچونە گرت كە هایدگەر بانگەشەی بۆ دەكرد، ئەو گوتی ئەگەر بێت و كۆنتڕۆڵكردنی تەكنۆلۆژیا كارێك بكات ئینسانی هاوچەرخ ملكەچی ئەو ئاستە میتافیزیكە بێت كە هایدگەر تێگەیشتووە، بەو مانایەی گواستنەوەكە لەرووی ریشەیی میتافیزیكیەوە كە لەلای رۆژئاوا مەحاڵە، ئەو مەرجە مێژووییە مەلموسانە هیچ مانایەكیان نامێنێ كە ئینسان خۆیان شاهیدی چەرخەكەن، بەڵام بۆ رەتدانەوەی شتە بەهادارەكان رەنگە مەحاڵ نەبێ، چونكە هەمیشە ئامادەسازییەك هەیە كەشتەكان بەخودی ئینسانیشەوە بێ بەها بكرێت و ناشیرین بكرێت، وەكو چۆن ئینكاركردنی سیاسیەكان لەنیەتەكەیان بۆ بەرپاكردنی جەنگ و قەناعەت پێكردنی جەماوەر بۆ جەنگ وەكو پیرۆزی، ئەو ئینكارییە وەكو ئینكاری شێت وایە لەحاڵەتی ناجێگیری دەروونی و دكتۆری پسپۆڕ دەستنیشانی دەكات، ئەم تێكەڵكردنە لەدونیای مۆدێرنە بەجیاوازی لەقەڵەم دراوە كە دەبێ لەرێگەی هۆشیاریەوە، دژی ئەو بڕوا كۆنكریتیە بووەستینەوە كە دەوڵەت و دامودەزگا جۆراوجۆرەكانی بەرگری لێدەكەن.  

وەختێك مارتن لۆسەر هات و بانگەشەی ناتوندوتیژی ئاینی و یەكتر قبوڵكردنی پێشكەش كرد، ئەمە بوو بەسەرەتایەك بۆ باڵانس لەنێوان كاسۆلیك و پرۆتستانتی رۆژئاوا، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین كە جیاوازی لەنێو فكردا هەمیشە ئامادە بووە، دواتر لەنێو رۆشنبیریدا بووە بەستایلێك و لەنێو كایەی میدیایی و رۆژنامەگەریشدا كاری پێكرا، بۆ نموونە ململانێی نێوان لایەنە دژەكان كە نموونەی ئەنارشیزم و ریفۆڕمخوازەكانە، پڕ بایەخترین جیاوازییە ئەگەر بەپێی قسەی ماری دوگڵاس بێت كە لەكتێبی (پاكیزەیی و مەترسی) باسی ئەو شتانە دەكات كە لەجێگەی خۆیاندا هاودژ و ناڕێكن، نەك ئەو شتانەی كە بەبڕوای ئینسان لەسرووشتدا نارێكن.

تا ئێستا زمان وەكو مافی جیاوازی بەبێ شوناس تەماشا نەكراوە، ئەمە هەڵە تێگەیشتنە كە دەبێ هەموو زمانێك نەتەوەیەكی لەپشتەوە بێت.

خۆ تا ئێستا زمان وەكو مافی جیاوازی بەبێ شوناس تەماشا نەكراوە، ئەمە هەڵە تێگەیشتنە كە دەبێ هەموو زمانێك نەتەوەیەكی لەپشتەوە بێت، گوایە مادام لەدونیادا زمانی یەكەم ئینگلیزی و دووهەم فەرانسی و سێهەم عەرەبی و ئەویتر ئاڵمانییە كە زیندوون، كەواتە ئەمانەی تر زمانی كەمینەیە، هەر خۆی وشەی كەمینە سوكایەتی كردنە بە بوون، باشە ئەگەر ئەو لۆژیكە تەواوبێت و پشتگیری لێبكرێت لەسەر ئاستی دونیا، ئایا پێویست نییە بپرسین، ئەو هەموو دەقەمان بۆچیە لەئەدەب و هونەر و هتد؟، وه‌ڵامەكە لەفەرمانەوە دەگوازرێتەوە بۆ گومان لەخودی جیاوازی، چونكە بەئاشكرا لێرەدا جیاوازی چینایەتی دەردەكەوێت، زمانێكی نزم و زمانێكی تر زیندوو، زمانێكی دەوڵەمەند و زمانێكی هەژار، ئەم كەیسە یەكەمین دەزگا بەرپرسیار بێت بەرامبەر، یونسكۆیە كە رێكخراوێكی جیهانیە، ئەوەی كە سەرمایەداری لێی ترساوە، مەسەلەی زمانە بۆیە كردوویەتی بە بازاڕ، لەوەش گرینگتر ئەوەیە كە زمانی بازاڕیشی كردووە بەئابوری و ئەخلاقی ئابوری، لەكۆتایشدا كار بۆیەكتر دەكەن كە نەچنەوە سەر سەرچاوە راستەقینەكە، كە حیزب لەسیاسەتدا لەبری كردەیەكی چۆنایەتی وەكو ماركسیزم پێناسەی دەكات بۆ تاك، بەپێچەوانە بوو بەچەندایەتیەكی زۆر لەسەروەت و توانای فەرمانبەر لەبونیادنانی سروشتێكی هۆشیارانە كە دەوڵەت كەڤەرەكەیەتی.

لەبارێكی لۆكاڵیشدا ئەدەب و هونەر بەهەموو جیاوازیەكانیەوە، تەنها لە فۆڕم و سیتایڵدا دەردەكەوێت كە كێبەركێكەش هەر ئەو فۆڕمەیە نەك جەوهەر، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین كە ئەمانە چالاكی رۆژانەن و بوونێكی واقیعییان هەیە، ئەوەی كە واقیعیەتی پێنادرێ و لەئینسانی دەشاردرێتەوە، یان جەنگەكە بەلاڕێدا دەبرێت، هەم رەخنەیە لەسیستم و هەم جەنگی چینایەتیی نێوان گرووپێكی كەمی باڵادەستی جیهانە، بەسەر زۆرینەی خەڵكی گۆی زەوی كە زمان ئاشكراترین نموونەیەتی، ئەمە ناعەدالەتی و جیاوازییە ریشەییەكەیە كە بەرگری لێدەكرێت، بۆ نموونە بزانە هەموو ئەوانەی كە سەر بەهیچ ئایدیایەك نین و سەر بەهیچ فەلسەفەیەكی سیاسی نین، چۆن لەوانە باشتر دەزانن كە ناعەدالەتی و نایەكسانی لەلوتكەدایە، دەزانن كێشەیەكی گەورە هەیە بۆ مانەوە و نەمانەوە لەم ژیانە درووستكراوە وەهمییە، دەزانن كە بەبارتەقای زەوی و ئاسمان، ژیانی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەكان و ژیان كۆمەڵگە ستەملێكراوەكان و كۆمەڵگە خواپێداوەكان، جیاوازیەكی بێ سنووری هەیە.

سەرچاوەكان:

1: زكی العلیو. المثقف.. مداخل التعریف و الادوار. مؤسسة الانتشار العربي. بیروت.   سنە 2012. ص198

2:  محمد الشیخ. المثقف و السلطة. دراسة في الفكر الفلسفي الفرنسي المعاصر. دار الطلیعة للطباعة و النشر. بیروت. سنة 1991.  ل111

3: نوام چۆمسكی. كۆنتڕۆڵی میدیاو راگەیاندنەكان. و. كەریم قادر پوور. بڵاوكراوەكانی یانەی قەڵەم. ساڵی 2008. ل14

4: علی حرب . نقد النقد. دار النشر المدی. سنة 1998. ص75. 

5: د. محمد سبیلا، للسیاسة بالسیاسة، فی التشریح السیاسي. دار افریقا الشرق. سنة 2010. ص174 

6: ئەقڵ دژی ئەقڵ. كۆمەڵێك وتاری فكری، فەلسەفی، ئەدەبی. كۆكردنەوە و وەرگێڕانی بۆ كوردی. فەرشید شەریفی. دەزگای موكریان. ساڵی 2013. ل36

7: تیری ایغلتون. اوهام مابعد الحداثة. ترجمة . ثائر الدیب. دار الحوار للطبع و النشر. سوریا 2006. ص57

8: محمد الشیخ. المثقف و السلطة. دراسة في الفكر الفلسفي الفرنسي المعاصر. دار الطلیعة. بیروت. سنة 1991. ص64.   

9: سلاڤۆی ژیژاك. سەرەتا وەك تراژیدیا و كۆتایی وەك كۆمیدیا. وەرگێڕانی بۆ كوردی. ئەرسەلان ئەفراسیاب. دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان. ساڵی 2017. ل120

10: د. عبد الحسین الطائي، جدلیة العلاقة بین المثقف و السلطة.. دار الحكمة للنشر و التوزیع. لندن. ص146.  

11: كارل ماركس. النقد الثاني لهیجل. ترجمة. مجاهد عبدالمنعم مجاهد. مركز القومي للترجمة. مۆلفات كاملة. قسم الاول. مجلد الثاني. ص 615. 

12: ئامانوئێل كانت. رەخنەی عەقلی پراكتیكی. وەرگێڕانی. سۆران عومەر. نێوەندی رۆشنگەری بۆ لێكۆڵینەوەی فكری و سیاسی. ساڵی 2014. ل106

13: حنە اریندت. اسس التوتالیتاریة. ترجمة. انطوان ابو زید. دار الساقي  1993. 

14: كمال بومنیر. جدل العقلانیة فی النظریة النقدیة لمدرسة فرانكفورت. دار العربیة للعلوم ناشرون. 2010. ص142

پتر ب بینه‌

بابه‌تێن وه‌كهه‌ڤ

Back to top button