هزر

نوێکردنەوە لەنێوان هزری دینی و دیندا*

هۆشەنگ شێخ محەمەد

(١)
دین و دینداری
دین لای خودا یەک و نەگۆڕ و موقەدەسە. لای مرۆڤەکانیش فرە و گۆڕاو و مرۆییە. هەقیقەتی دین و هەر بابەتێکی تری مەعریفی سەر بە جیهانی ئەبەدی و ئەزەلییە، جیایە لە جیهانی ماددی و لەسەرووی واقیعەوەیە. کاتێکیش لە مرۆڤدا بەرجەستە دەبێت، دەکەوێتە نێو کاتەوە، کاتیش لە بازنەی جووڵەدایە، واتا دەگوڕێت.
هەقیقەت کە لە ئاسۆی ڕەهاییەوە دەکەوێتە نێو کات و گۆڕانکارییەکانی، دەبێتە قوربانی، چونکە پاکی و بێگەردییەکەی لەدەست دەدات. لەم جیهانە ماددییەدا هەقیقەت ڕەهاییەکەی لەدەست دەدات و دەبێتە ڕێژەیی. واتا هەقیقەت ڕەهایە، بەڵام تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ هەقیقەت ڕێژەییە.
دین وەک هەقیقەتێکی ڕەها، لەوەتەی لای مرۆڤ بەرجەستە بووە، بە پێی سەردەم و قۆناغەکانی مێژوو، بە زۆر شێوە جیلوەی کردووە، لای بووداییەکان، جووەکان، مەسیحییەکان، موسڵمانەکان و هی تریش بە شێوەی جیاواز دەرکەوتووە. هەتا لەنێو یەک دینیشدا، فرە جیلوە دەبینین، وەک لە دینی ئیسلامدا جۆرەها تاقم و تایەفە و مەزەب ئایینزا دەرکەوتوون.
ئەگەر دین لە هەقیقەتدا یەک و ڕەها و موقەدەس بێت، ئەوا لای مرۆڤ بووە بە زۆر و موقەیەد و مرۆیی. لەسەر ناوەڕۆکە هەقیقییەکەی خۆی دیارنادات و بە پێی تێگەیشتنی کەسەکان، ناوەڕۆک و شێوازێکی تایبەت وەردەگرێت.

بۆیە دەبێت بە ڕوونی جیاوازی لەنێوان دین و هزری دینیدا بکرێت، ئەوەی دەتوانرێت نوێ بکرێتەوە هزری دینییە، بەواتای ئەو تێگەیشتنە ڕێژەییەی مرۆڤ بۆ هەقیقەتی هەیە نەوەک بۆ ئەو ناوەڕۆکە ڕەها و ئەبەدییەی هەقیقەت هەیەتی.
بۆیە دەبێت بە ڕوونی جیاوازی لەنێوان دین و هزری دینیدا بکرێت، ئەوەی دەتوانرێت نوێ بکرێتەوە هزری دینییە، بەواتای ئەو تێگەیشتنە ڕێژەییەی مرۆڤ بۆ هەقیقەتی هەیە نەوەک بۆ ئەو ناوەڕۆکە ڕەها و ئەبەدییەی هەقیقەت هەیەتی.
لێرەوە کولتووری دینی، هزری ئەو دینانەیە کە مرۆڤ پێڕەویان دەکات، دەستکاریکردنی ئەو کولتوورەش، دەستکاریکردنی تێگەیشتن و هزرکردنە لەو دینەدا، نەوەک لە خودی دین خۆیدا.
هیچ بیرکردنەوەیەکی مرۆیی ناتوانێت تا سەر بێ پێشکەوتن و گۆڕانکاری بمێنێتەوە، ئەگەر ڕەهەندێکی خوداوەندی نەبێت، هەتا ئەو هزرانەی ڕەهەندی خوداوەندییان هەیە، شەریعەتی زۆر و جیاوازیان هەیە، وەک شەریعەتی جووەکان، مەسیحییەکان و موسڵمانەکان، زۆری و جیاوازی شەریعەتەکان جیاوازە لە دین. دین یەکە و ڕەهایە و موقەدەسە، بەڵام قانوونەکانی خوداوەند بە پێی کات و کۆمەڵگە و قۆناغەکانی ژیان دەگۆڕێن.

هەموو سەردەمێک خاوەن پرسیاری تایبەت بە خۆیەتی و شەریعەت و قانوونەکانیش دەبێت وەڵامدەرەوەی ئەو پێویستی و پرس و پرسانە بن. بۆیە نوێکردنەوەی شەریعەت و قانوونەکان کارێکی پێویست و واجیب و زەروورە.
هەر کۆمەڵگەیەک بە پێی ئاستی ڕۆشەنبیری و زانستی و ئابووری و هتد..، پێویستی خۆی هەیە، پێداویستییەکانی پێش پەنچا ساڵ وەک پێداویستییەکانی ئەمڕۆ نین. جیاوازی و گۆڕانکارییەکان لە پێویستییەکانی مرۆڤدا، شەریعەت و قانوونی جیاواز و گۆڕاو دەخوازێت. بۆیە شەریعەتەکان بە جیاوازی دین، دەگۆڕێن و زۆر دەبن و جێگیر و ئۆقرەگرتوو نین. بۆیەشە هەموو سەردەمێک خاوەن پرسیاری تایبەت بە خۆیەتی و شەریعەت و قانوونەکانیش دەبێت وەڵامدەرەوەی ئەو پێویستی و پرس و پرسانە بن. بۆیە نوێکردنەوەی شەریعەت و قانوونەکان کارێکی پێویست و واجیب و زەروورە.
دوای ئەوەی پەیامبەریێتی لە دوای کۆتا پێغەمبەری خودا کۆتایی پێ هات، دینیش گەیشتە کۆتا جیلوەی خۆی، بە شێوەیەک کە دەرگەی لەسەر پێغەمبەرێکی نوێ و شەریعەتێکی نوێ داخست. بۆیە خوێندنەوەی دەقەکانی دینی بووە کارێکی زەرووری. ئەمەش خوێندنەوە و نوێکردنەوەی هزری دینییە نەوەک خودی دین.

(٢)
مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە
ئەوەی مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکاتەوە، ئەقڵ و بیرکردنەوەیە. مرۆڤە بیر لە بوون و بوونی خۆی و ژیان و جیهان و مردن و دوای مردن و هەستانەوە دەکاتەوە. مرۆڤ هۆشیاری بە بوون و بوونی خۆیەوە هەیە. بۆیەشە مرۆڤ مەعریفەت و بەصیرەت و چاوکرانەوەی هەیە، گومان دەکات و پرسیار دەکات و وەڵامی نوێ کەشف دەکات.
مرۆڤی هۆشیار بە بوون و مرۆڤبوونی خۆی لە ڕێی بیرکردنەوە و ڕامانکردن لە خۆی و جیهاندا بە شێوەیەکی بەردەوام بە دووی هەقیقەت دەگەڕێت و دەیەوێت زانین و هۆشیاری و چاوکرانەوەکەی بە ئاستێکی باڵا بگەیەنێت.
لێکۆڵینەوە لە هەقیقەت، لای مرۆڤ مەحکوومە بەو ڕێژەیەی مرۆڤ بۆی تێدەکۆشێت و کاری بۆ دەکات، بە ڕێژەی زانین و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خۆی بە هەقیقەت.
مرۆڤ کە توانای هێزەکی بیرکردنەوەی خۆی دەکاتە کردە، جیاوازی پەیدا دەکات. بۆیەشە دەبینین جیاوازی لە هەموو کایەکاندا ئاشکرایە. چونکە بیرکردنەوەی هەر مرۆڤێک لە بیرکردنەوەی مرۆڤێکی دیکە جیاوازە، بۆیە کاتێک کە دەبینین ئەندامانی کۆمەڵگەیەک لەسەر چەندین نۆرم و ڕەوشت و هەڵسوکەوتەوە وەک یەکن، دەبێت گومان لە بیرکردنەوەی تایبەتی مرۆڤەکان بکەین؟! جیاوازی بیرکردنەوە لەوە دێت، کە وەڵامەکانی پێشووتر پرسیارە نوێکانی ئەمڕۆ وەڵام نادەنەوە. بۆیە بیرکردنەوە دێت و جیاوازی لەگەڵ پێشخۆی پەیدا دەکات. بۆیەشە بە دەیان و سەدان و هەزاران تایەفە و تاقمی دینی لە جیهاندا هەن و بەردەوامیش زیاد دەبن.

ڕەتکردنەوەی خودا:
ئەوەی بوونی خودا ڕەت دەکاتەوە، یان دەیسەلمێنێت، دەبێت پێشوەختە تێگەیشتنێک لەسەر خودا پێشکەش بکات.
هەموو سەردەمێک تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە لەسەر ئەو خودایەی لە هۆشیێتی، هەموو کەسێک سەرەتای ژیانی تێگەیشتنێکی لەبارەی خودا هەیە، دوای بیست ساڵ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە تێگەیشتنێکی دی پەیدا دەکات. دوای چل ساڵی تر تێگەیشتنێکی تر و بەم شێوەیە بە پێی تەمەن تێگەیشتنەکان دەگۆڕین و پێش دەکەون.

هەموو تێگەیشتنێک لەبارەی خودا بەرهەمی ئەو سستەمە مەعریفیەیە کە مرۆڤ هەیەتی، جا فەلسەفی بێت یان سرووشتی، ئەگەر ئەم سستەمە مەعریفییە گۆڕا، تێگەیشتنەکانیش دەگۆڕێن.
چونکە هەموو تێگەیشتنێک لەبارەی خودا بەرهەمی ئەو سستەمە مەعریفیەیە کە مرۆڤ هەیەتی، جا فەلسەفی بێت یان سرووشتی، ئەگەر ئەم سستەمە مەعریفییە گۆڕا، تێگەیشتنەکانیش دەگۆڕێن.

وێنەکانی خودا:
ئایا هەموو مرۆڤەکان یەک تەسەووریان لەبارەی خوداوە هەیە؟! ئایا هەموو دیندارەکان یەک تەسەووریان لەبارەی خوداوە هەیە؟ ئایا هەموو ئیبراهیمییەکان یەک تەسەووریان لەبارەی خوداوە هەیە؟ ئایای هەموو موسڵمانەکان یەک تەسەووریان لەبارەی خوداوە هەیە؟
ئایا یەک تەسەوور لەبارەی خودای ئەشعەرییەکان، خودای موعتەزیللەکان، خودای شیعەکان هەیە؟ ئایا شیعەکان یەک تەسەووریان لەبارەی خوداوە هەیە؟ شیعە عاریفەکان، فەیلەسوفەکان و موتەکەلمینەکان یەک تەسەووریان لەسەر خودا هەیە؟
ئایا ئەم جیهانە مەبدەئێکی هەیە؟ هێزێکی هەیە؟ ئەوەی بڕوای وابێت ئەم جیهانە هێزێکی لەپشتە و مەبدەئێکی هەیە، ئەوا بڕوای بە خواوەندە، هەتا ئەگەر بڕوای وابێت کە ئەو هێزە ماددەیە و ماددە ئەزەلییە، واتا مولحید نییە، چونکە بڕوای بە هێزێکی ڕەها و ئەزەلی هەیە. ئەو کەسەی پێی وابێت جیهان- ماددە هێزێکی ئەزەلییە، ئەوا بڕوای بە هێزێک هەیە جا خودا، یان ماددە بێت. جا ئەو هێزە لەدەرەوەی سرووشت بێت، یان لەنێو سرووشت بێت. تەنیا ئەو کەسەی کە دەڵێت ئەم جیهانە هێزێکی لە پشت نییە بڕوادار نییە.
ئەو کەسەی خوداوەندی ئیبراهیمییەکان ڕەت دەکاتەوە، واتای ئەوە نییە کە هێزێکی ڕەها ڕەت دەکاتەوە. ئەو کەسەی ئەو خودایە ڕەت دەکاتەوە کە جووەکان یان مەسیحییەکان، یان موسڵمانەکان بڕوایان پێ هەیە، ئایا واتای ئەوەیە کە هێزێکی ڕەها ڕەت دەکاتەوە؟
ئایا لێرەدا کێشەکە لە کوێیە؟ لە تێگەیشتنە لە بیرۆکەی هێزی پشت جیهان، یان تێگەیشتن لەو هێزەی کە دینێک لە دینەکان پێناسەی دەکات؟
بەشێوەیەکی گشتی لە دینەکاندا، دەتوانین باسی دوو تێگەیشتن، دوو نموونەی مەعریفی لەبارەی خوداوە بکەین:
یەکەم- تێگەیشتنێکە کە خودا وەک جەلادێک پیشان دەدات، پێوەندی نێوان خودا و مرۆڤەکانیش، بە پێوەندی جەلادێکی ڕەها لەگەڵ تاوانبارەکانی دەبینێت.
دووەم- تێگەیشتنێکە خودا وەک مەعشووقێک بە بنەما دادەنێت، پێوەندی نێوان خودا و مرۆڤەکانیش وەک پێوەندی نێوان مەعشووق و عاشق تێ دەگات؟
تێگەیشتنی خودا لە وێنەی جەلاد و لە وێنەی مەعشووق دوو نموونەی مەعریفین. جا لێرەدا ئەو پرسیارە دەکرێت کامە تێگەیشتن بۆ خودا، واجیبە؟ یەکەم یان دووەم؟
هەر لێرەشەوە ڕێژەییبوونی تێگەیشتنی مرۆڤەکان دەست پێ دەکات و بەسەر هەردوو تێگەیشتنەکە و جاروباریش بەسەر تێکهەڵکێشکردنی هەردوو وێنەکەدا دابەش دەبن.
هەندێ مرۆڤ بەرەو وێنەی مەعشووق دەڕۆن، چونکە ئەم تێگەیشتنە بۆ خودا، عیشق و خۆشی بەرجەستە دەکات، بە پێچەوانەی ئەو وێنەیەی تێگەیشتنێک بەرجەستە دەکات کە خودا وەک هێزێکی ترسناک و ئەشکەنجەدەر پیشان دەدات. هەندێکیش بەرەو وێنەی دووەم دەڕۆن، چونکە لە دەقەکانی موقەدەسدا بەڵگەی بۆ دەهێننەوە. هەندێکیش بە پێی دەقی موقەدەس بەڵگە لەسەر هەردوو وێنەکە پێشان دەدەن.
ئەم سێ وێنەیە و زیاتریش لەنێو یەک دین و یەک مەزەب و یەک تایەفەدا بوونەتە کێشەیەکی مەعریفی، بەردەوام وتووێژیان لەبارەوە دەکرێت، شەڕیان لەسەر کراوە، خوێن ڕێژراوە. لەگەڵ سەردەمەکانیشدا، بەردەوام پرسیاری نوێ و نوێتر سەریانهەڵداوە و وێنەکان هۆشیاری مرۆڤیان بەرەو ئاستێکی بالاتر بردووە.
بە درێژایی مێژوو، تێگەیشتنەکان دەگۆڕێن و لەژێر سێبەری سستمی مەعریفی کۆمەڵگە پێش دەکەون، بۆیەشە تێگەیشتنی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە لەبارەی خودا جێگیر نییە و لە گۆڕاندایە. دەقەکانی دین، کەلتووری دینی، بەردەوام بە شێواز و ناوەڕۆکی تازەتر دەخوێندرێنەوە و تەئویل دەکرێن. بەمەش نوێکردنەوە لە هزری دینیدا پەیدا دەبێت.
خودا لە هەقیقەتدا یەکە، موقەدەسە، نەگۆڕە، ڕەهایە. بەڵام خودا لەنێو واقیعدا چەندین وێنەی هەیە و بەردەوامیش تەئویل و خوێندنەوەی نوێ بۆ ئەو وێنانە دەکرێن. چونکە نوێکردنەوەکە لەسەر زاتی خودا نییە، بەڵکو لەسەر وێنەکانیێتی.
وێنەکانی خودا لە واقیعدا، کاری مرۆیین، فرەیە، دەگۆڕێن و ڕێژەیین. ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتییە و دەبێ لە خوداناسیدا ئاگاداری بین.

*ئەم بابەتە، سەرچاوەکەی کۆمەڵە وانەیەکی بیرمەندی موسڵمان، (کەمال حەیدەری) یە، لەبارەی نوێکردنەوەی هزری دینیدا، کە لە یوتیوب تەماشام کردوون.

هەولێر ٢٠٢٢

پتر ب بینه‌

بابه‌تێن وه‌كهه‌ڤ

Back to top button